|
ئه‌مڕۆ ڕۆژی:
یه‌ك شه‌ممه 5- 9- 2010
زاینی, كاتژمێر:
8:45:8
ماڵپه‌ڕی خــــــــه‌رمانان
| ||||||||
|
| ||||||||
|
| ||||||||
|
پێشه‌كـــی :
به‌شی یه‌كه‌م! به‌درێژای مێژوو كوردان به گشتی له سه‌ر خاك و وڵاتی خۆیان دووچاری سیاسه‌تی غه‌درلێكردن و چه‌وساندنه‌وه‌و له‌ناوبردن بونه‌ته‌وه، له كوردستانی عێراقیشدا رژێمه یه‌ك له دوایه‌كه‌كانی ئه‌م وڵاته به به‌رده‌وامی و نه‌پچرِاوه‌یی له سه‌ر كوتكردن و داپلۆسینی ئه‌و نه‌ته‌وه سته‌مدیده‌یه‌دا بونه‌و به هه‌موو شێوه و رێگایه‌ك ویستویانه ناسنامه‌ی نه‌ته‌وایه‌تی بسرِنه‌وه، هه‌ڵبه‌ته ئه‌و كرداره‌شیان به‌به‌رنامه و پرِۆگرامی تایبه‌ت بوه و ستراتیژیه‌ت و تاكتیكی گونجاو و له باریشیان بۆ دارِشتووه. راگواستنی به كۆمه‌ڵی خه‌ڵكی كورد له سه‌ر زێدی باب و باپیرانیان و پراكتیزه كردنی سیاسه‌تی به‌عه‌ره‌بكردنی ناوچه كورد نشینه‌كان به‌هێنانی هاوڵاتی عه‌ره‌ب بۆ ئه‌وێ و پاداشتكردن و دابینكردنی خانوو كوردستان به‌تایبه‌تی شاری هه‌ڵبجه‌ی شه‌هید، كه له چاو چوقانێكدا زیاتر له (5000) پێنج هه‌زار كه‌س به‌گازی قه‌ده‌غه‌كراوی كیمیاوی خنكێران و به ده‌یان هه‌زارانی دیكه‌ش بریندار بوون و كه تاوه‌كو ئێستاش ئاسه‌واره‌كانی ئه‌م گازه كیمیاویه به‌رده‌وامه و خه‌ڵكی ئه‌و ناوچه‌یه به‌ده‌ستیه‌وه ده‌ناڵێنن زنجیره یه‌ك له دوایه‌كه‌كانی ئه‌و تاوانانه‌ن. وه‌لێ لوتكه و ترۆپكی هه‌مووئه‌و تاوانانه خۆی له (شاڵاوه‌كانی ئه‌نفال) دابینیه‌وه. كه به پرِۆگرامێكی دارێژراوی رژێمی عێراق به‌رێوه چوو به‌ڵی تاوانێك كه چه‌ند مانگێك له (26 ی شوبات تا 6 ئه‌یلولی 1988) له هه‌شت قۆناغی جیاجیادا به‌به‌رچاوی وڵاتانی جیهان و كۆمه‌ڵگه‌ی نێو ده‌وڵه‌تی و نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان و (UN) و رێكخراوه‌كانی مافی مرۆڤ رویدا‌و زیاتر له سه‌د هه‌زار هاوڵاتی كوردی سیڤیل تیایدا شون بزركران هه‌روه‌ها وێرانكردنی زیاتر له (2000)(1) گوند كه‌له‌به‌ڵگه نامه‌كانی حكومه‌تدا واناویان هاتووه كه (سوتاوه)، (تێكدراوه)، (ته‌ختكراوه)، (پاكسازی كراوه) لانی كه‌میش ده ده‌وازده شارۆچكه‌ی گه‌وره‌و مه‌ڵبه‌ندی به‌ڕێوه‌بردن (قه‌زاو وناحیه) هه‌مان شتیان به‌سه‌رهاتووه، به‌ڵام به‌داخه‌وه كه‌سێك ده‌نگی لێوه‌نه‌هات و دنیا لێی بێ ده‌نگ بوو، ته‌نانه‌ت رِوو ناوه‌رۆكی ئه‌م تاوانه بی وێنه‌یه له‌گه‌ڵ ئاستی گه‌وره‌یی و درِندانه‌ی نه‌بوونه كه‌رسته‌و هه‌وێنی ده‌زگاكانی راگه‌یاندن و نه‌ورژێنران، پێویسته ئه‌وه‌ش بگوترێت كه به‌ر له شاڵاوه‌كانی ئه‌نفالی ساڵی 1988 دا پێشتریش سیاسه‌تی جینۆسایدی كوردان به‌چه‌ند شێوازێك ئه‌نجامدراوه. بۆ نمونه له ساڵانی حه‌فتاكانی سه‌ده‌ی رابردوودا به‌ده‌یان هه‌زار هاوڵاتی كوردی فه‌یلی شونبزر كران و له ساڵی 1983 دا و (8000 ) هه‌شت هه‌زار هاوڵاتی بارزانی به‌پرۆسه‌یه‌كی دارێژراوی رژێمی عێراق بێسه‌رو شوێنكران. دیاره كۆمه‌ڵگه‌ی نێو ده‌وڵه‌تی و نه‌ته‌وه یه‌كگرتوه‌كان (UN) و وڵاته زلهێز و باڵا ده‌سته‌كان به‌رپرسیاری یه‌كه‌من به‌رامبه‌ر رِوودانی ئه‌و تاوانه بێ وێنه‌یه ، بێگومان دابه‌ش بوونی جیهان له‌وكاتدا به‌سه‌ر دوو جه‌مسه‌ر (بلۆكی رۆژهه‌ڵات و رۆژئاوا) و به‌یه‌ك گه‌یشتنه‌وه‌ی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كان یه‌كێك له هۆكاره‌كانی داپۆشین و شاردنه‌وه‌ی ئه‌و تاوانانه بوو، ئه‌وه‌ته ولیه‌م واڵدگرێف (Wiliam Waldgrave) وه‌زیری ده‌وڵه‌تی به‌ریتانی بۆ كاروباری ده‌ره‌وه‌ی وڵاتی كۆمنوێلس له‌وتارێكدا بۆ په‌رله‌مانی به‌ریتانی پێش شه‌رِی دووه‌می كه‌نداو له 5/4/1990دا(2) به باشی ئه‌وه‌مان بۆمان روون ده‌كاته‌وه كه ئه‌م وڵاتانه له‌كاتی مامه‌ڵه‌و ئیش كردنیان پرِانسیپی (لیس هناك فی السیاسة صدیق دائم او عدو دائم بل هناك مصالح دائمة) یان رِه‌چاو كردوه‌و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانیان له‌به‌رایی وپێشینه‌ی هه‌موو كار‌و هه‌نگاوێك داناوه هه‌روه‌ها چه‌ندین كۆمپانیای ئه‌مریكایی و بریتانیایی و ئه‌ورۆپایی به پیی به‌ڵگه‌نامه‌ی روون ئاشكرا یارمه‌تی عێراقیاندا له‌دروستكردنی چه‌كی كۆكوژی، له وانه‌ش كۆمپانیای هوڵندی (مه‌له‌فی فرانس وان ئانرات) به‌ڵگه‌ی حاشا هه‌ڵنه‌گرن، ئه‌مرِۆ دوای ئه‌و هه‌موو گۆرِانكاری و رووداوانه‌ی كه هاتنه پێشه‌وه و له دوای پرِۆسه‌ی ئازادی عێراق و ئاشكرا بوون و دۆزینه‌وه‌ی سه‌دان گۆرِی به كۆمه‌ڵ كه به‌ڵگه‌ی واقیعین له سه‌ر ئه‌و تاوانه، بۆیه پێویسته ده‌ستبه‌جێ قوربانیان و زیان لێكه‌وتوانی قه‌ره‌بوو بكرێنه‌وه و تاوانباران و ئه‌نجامده‌رانیشی به سزای خۆیان بگه‌ن، ئه‌م لێكۆڵینه‌وه‌یه كورتكراوه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی تێر و ته‌سه‌لی تره كه له سنوری هه‌رێمی كوردستان له (هه‌ولێر، سلیمانی، دهوك و كه‌ركوك) به شیوه‌یه‌كی مه‌یدانی له 2006-2007 ئه‌نجامم داوه به‌تایبه‌ت باسی بارودۆخی و ره‌وشی ئافره‌تانی كه‌سوكاری ئه‌نفالكراوه‌كان ده‌كات و له هه‌ر شوێنێك وه‌ك نموونه 100 فۆرم پر كراوه‌ته‌وه له‌گه‌ڵ چاوپێكه‌وتنی مه‌یدانی له‌گه‌ڵ كه‌سوكاری ئه‌نفالكراوه‌كان و شایدعه‌یان و شایدحاله‌كانی شالاوی ئه‌نفال، هه‌روه‌ها پشتی به هه‌ندێك سه‌رچاوه به شێوه‌ی كتێب ولێكۆلینه‌وه به‌ستووه له هه‌مان كات به‌شداری و هاوكارییه‌كی تره بۆ زیاتر ناساندنی ئه‌م تاوانه به جیهان و رِای گشتی، لێكۆڵینه‌وه‌كه له پێشه‌كییه‌ك و سی به‌ش و ئه‌نجام و راسپارده‌كان پێك هاتوه، (به‌شی یه‌كه‌م) لایه‌نی تیوَری لێكۆلینه‌وه‌كه‌یه، له باسی یه‌كه‌م مانا و چه‌مكی ئه‌نفال باسكراوه و له باسی دووه‌مدا به كورتی باس له ستراتیژی رژێمی عێراق له‌ئه‌نجامدانی پرۆسه‌ی ئه‌نفال ده‌خاته رِوو، له باسی سێیه‌مدا له كورته‌یه‌ك باسی جۆره‌كانی جینۆساید ده‌كات (به‌شی دووه‌م) ی لێكۆڵینه‌وه‌كه باس له ئامانجی رژێمی عێراق له ئه‌نفال كردنی ئافره‌تی كورددا ده‌خاته رِوو، (به‌شی سێیه‌م) باس له ئه‌نجام و كارێگه‌ریه‌كانی پرۆسه‌ی ئه‌نفال له سه‌ر باری ئابووری و ده‌رونی و كۆمه‌ڵیه‌تی ئافره‌تی كورد ده‌كات كه ئه‌ویش كراوه‌ته سی باس هی یه‌كه‌میان باس له‌و كێشه و گیروگرفته ئابوورییه‌كانی كه‌س وكاری ئه‌نفال ده‌كات و له دووه‌میشیان باس ئه‌و كێشه و گیروگرفته كۆمه‌ڵیه‌تیانه ده‌خاته رو كه كه‌س و كاری ئه‌نفالكراوه‌كان دوچاری هاتوون له باسی سێیه‌م له‌ودیارده‌و نه‌خوشیه ده‌رونیانه ده‌كات كه ئه‌مرِۆ به شێوه‌یه‌كی زه‌ق له‌و كه‌س و كارانه به‌دی ده‌كرێت، لێكۆڵینه‌وه‌كه كۆتایی دێت به گرنگترین ئه‌و ئه‌نجامانه‌ی پێی گه‌یشتوه له‌گه‌ڵ هه‌ندێك له پێشنیار‌و رِاسپارده به‌و هیوایه‌ی جێگای خۆیان گرتبێت و به دواداچونیشی له دوادا هه‌بێت، هه‌روه‌ها داوای لێبوردن ده‌كه‌م ئه‌گه‌ر هاتوو هه‌ر كه‌م و كورِییه‌ك له لێكۆڵینه‌وه‌كه‌دا به‌دیكرا، هاوكات به رِه‌خنه‌و تێبینییه‌كان لێكۆڵینه‌وه‌كه به‌هێزترو پوخت تر ده‌بێت، له كۆتاییدا هیوادارم توانیبێتم به‌شێك له‌و ئه‌ركه نه‌ته‌وایه‌تییه‌ی كه له‌سه‌ر شانمه سه‌باره‌ت به خستنه‌رِوی هه‌ندێك له زانیاری و رِاستی و ئه‌و نه‌هامه‌تی و مه‌ینه‌تیانه‌ی كه كه‌س وكاری ئه‌نفالكراوه‌كان به ده‌ستیانه‌وه ده‌ناڵێنن ئه‌نجام بده‌م. به‌شی یه‌كه‌م باسی یه‌كه‌م :مانا‌و چه‌مكی ئه‌نفال ره‌نگه چه‌مك و پێناسه‌ی ئه‌نفال له‌رِووی زمانه‌وانی (لغة) و زاراوه‌ییه‌وه تاوه‌كو ئێستا له‌لای زۆربه‌ی زۆری خه‌ڵك شتێكی نادیار‌و نامۆبێت و ناوه‌رِۆكه‌كه‌شی- مه‌به‌ست له‌بنج و بناوانی شاڵاوه‌كه – ئاشكرا نه‌بوبێت و بگره هه‌ركاتێك ئه‌م وشه عه‌ره‌بییه باس بكرێت ئه‌وا ده‌سبه‌جێ دیمه‌نی ئه‌و ده‌یان هه‌زار مرۆڤه كورده بێتاوانه‌مان بێته‌به‌رچاو كه‌به پرِۆسه‌یه‌كی دارِێژراوو نه‌خشه بۆ كێشراو له‌لایه‌ن رژێمی عێراقه‌وه به‌چه‌ند قۆناغێكی جیاجیا له‌ناوبردران. ئه‌نفال له‌رِووی زمانه‌وانییه‌وه كۆی (نفل) ـه به‌واتای (غنیمه) ده‌ستكه‌وت دێت(3) ناوی سوره‌تی هه‌شته‌مه له (قورئان) ی موسڵماناندا به واتای ئه‌و ده‌سكه‌وته دێت كه‌له‌كاتی شه‌رِو تاڵان كردن‌دا به‌ده‌ست شه‌رِكه‌ران كه‌وتوه به‌زه‌بر و هێز، له‌رِووی زاراوه‌ییشه‌وه ماناكه‌ی زیاده ده‌ستكه‌وت ده‌گه‌یه‌نێت، ئه‌ویش ئه‌وماڵ و سامانه‌یه كه‌به‌شه‌رِ له‌موشریك و كافران ده‌سه‌نرێت، به‌پێی ئه‌حكامه‌كانی ئه‌م ئایه‌ته هه‌رچی ده‌ستیان ده‌كه‌وت له ماڵ و ماڵات بۆ خۆیان ده‌برد. ته‌نانه‌ت ژن و منداڵه‌كانیشیان وه‌ك (كه‌نیشكه) (جاریه) ده‌بردو پیاوه‌كانیشیان ده‌كوشتن. له‌م باره‌یه‌شه‌وه بۆچونی زانایانی ئیسلام سه‌باره‌ت به‌واتاوچه‌مكی ئه‌نفال ئه‌وه‌یه كه (الأنفال هو الغنيمة اي كل نيل ناله المسلمون من اموال اهل الحرب)(4) واته بریتییه له‌و ماڵه‌ی كه له‌خه‌ڵكی شه‌رِكه‌ر ده‌ست موسلمانان ده‌كه‌وێت، كه‌واته ئه‌نفال له‌رِوانگه‌ی ئایینی ئیسلامه‌وه ئه‌و ده‌ستكه‌وت و سامان و سه‌رو ماڵه‌یه كه موسڵمانان به‌زه‌برو هێز له موشریك و بتپه‌رستان و بێ باوه‌رِان سه‌ندویانه. زۆربه‌ی ئایه‌ته‌كانی سوره‌تی ئه‌نفال باس له‌شه‌رِو جیهاد دژی موشریكه‌كان و بێ برِواكانی قورِه‌یش ده‌كات، له‌سه‌ره‌تای سوره‌ته‌كه‌دا هاتووه: (يسألونك عن الأنفال قل الأنفال لله والرسول فاتقوا الله واصلحوا ذات بينكم واطيعوا الله ورسوله ان كنتم مؤمنين)(5) واته ده‌رباره‌ی ئه‌نفال پرسیارت لێ ده‌كه‌ن –مه‌به‌ستی له (حه‌زره‌تی محمد) ـه - بڵی ئه‌نفال هی خودا‌و پێغه‌مبه‌ره ترسی خوداتان بێت و كاروباری نێوان خۆتان چاك بكه‌ن و ملكه‌چی خودا‌و پێغه‌مبه‌ربن ئه‌گه‌ر ئێوه برِوادارن. هه‌ر له‌م سوره‌ته‌دا به‌م شێوه‌یه باس له‌چۆنیه‌تی و رێگای دابه‌شكردنی ده‌ستكه‌وته‌كان (غنائم) ده‌كات : (واعلموا انما غنمتم من شي و فان لله خمسة وللرسول ولذي القربي واليتامي والمساكين وابن السبيل)(6). واته بزانن ئه‌و ده‌ستكه‌وتانه‌ی كه‌له‌شه‌رِدا وه‌ده‌ستتان ده‌كه‌وێت پێنج یه‌كی بۆخواو پێغه‌مبه‌رو خزم و كه‌س و یه‌تیم و هه‌ژارو رێبوار‌و نه‌داره‌كانه، چوار به‌شه‌كه‌ی تریش دابه‌ش سه‌ر جه‌نگاوه‌ران ده‌كرێت. دیاره هۆی هاتنه‌خواره‌وه‌یئه‌م سوره‌ته‌و ته‌نانه‌ت بایه‌خدانی خودی پێغه‌مبه‌ر به‌م بابه‌ته‌وه مه‌سه‌له‌یه‌كه پێویستی به وه‌ستان هه‌یه له‌سه‌ری و له‌هه‌مان كاتیشتدا شیكردنه‌وه‌یه‌كی زانستی و بابه‌تیانه‌شی گه‌ره‌كه. ئه‌گه‌ر بێت و بگه‌رِێینه‌وه بۆ هۆی هاتنه خواره‌وه‌ی (سبب نزول) ی ئه‌م سوره‌ته ئه‌وا به‌ته‌واوی له‌بنج وبناوانی ئیشه‌كه ده‌گه‌ین و چه‌مكی ئه‌نفالمان به‌چاكی بۆ رِوون ده‌بێـته‌وه كه‌ئاخۆ چییه‌و رِێیو شوێنی له‌چی هاتووه‌و ناوه‌رِۆكه‌كه‌شی له چ سۆنگه‌یه‌كه‌وه ئۆقره ده‌گرێت؟ (عباده‌ی كورِی صامت) كه هاوه‌ڵێكی پێغه‌مبه‌ر (د.خ) بوه راستی و دروستی به‌سه‌رهات و چیرۆكی ئه‌نفالمان بۆده‌گێرێته‌وه كه له‌چییه‌وه هاتووه‌و ده‌ڵێت: (له‌گه‌ڵ پێغه‌مبه‌ر (د.خ) چوین بۆ شه‌رِی به‌درو كه‌وتینه به‌رامبه‌ر كافران، خودا دوژمنی تێكشكاند‌و كۆمه‌ڵێك له‌موسڵمانان نیشتنه سه‌ریان و به‌دوایانكه‌وتن بۆئه‌وه‌ی زیاتر تێكیان بشكێنن، هه‌ندێكی تر ده‌وری پێغه‌مبه‌ریان گرت نه‌بادا هیچ زیانێكی پێبگا، كۆمه‌ڵێكی تر كه‌وتنه دوای ئه‌و ده‌ستكه‌وت و پاشماوانه‌ی كه‌بتپه‌رستان له‌دوای خۆیان جێهشتبوو گلێریان كرده‌وه، به‌م جۆره كۆمه‌ڵی موسڵمانان بونه سێ به‌ش، دوای ئه‌وه‌ی دوژمن راوكه‌ره‌كان گه‌رِانه‌وه گوتیان ده‌بێ ئه‌م ده‌ستكه‌وتانه بۆ ئێمه بێ چونكه دوژمنمان به‌زاندو تێكمانشكاندن، ئه‌وانه‌ش كه‌له چوار ده‌وری پێغه‌مبه‌ر (د.خ) مابوونه‌وه مافی ئه‌و ده‌ستكه‌وتانه‌یان به‌خۆیان دا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كه‌پێغه‌مبه‌ریان له‌مه‌ترسی پاراستوه، كه‌چی ئه‌وبه‌شه‌ی ده‌ستیان به‌سه‌ر ده‌ستكه‌وته‌كان داگرتبوو مكورِ بوون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه مادام خۆیان ده‌ستكه‌وته‌كانیان كۆكردۆته‌وه ته‌نها مافی خۆیانه بیبه‌ن)(7). لێره‌دا رِاستییه‌كی حاشا هه‌ڵنه‌گر هه‌یه كه پێویسته ئاماژه‌ی پێبكرێت و مرۆڤ به‌سه‌ریدا تێپه‌رِنه‌بێت ئه‌ویش ئه‌وه‌یه كه‌لێكدانه‌وه‌ی زانستیانه‌ی وشه‌ی ئه‌نفال له‌م سوره‌ته‌دا ئه‌وه ده‌رده‌خا كه (جه‌نگاوه‌رانی به‌رایی سوپای ئیسلام وله‌شكركێشیان بۆناوچه‌كانی ناوه‌وه‌و ده‌ره‌وه‌ی دورگه‌ی عه‌ره‌ب چه‌ند به‌ته‌ماحی سه‌رو مالڕ هه‌ڵمه‌تیان بردووه هه‌تا ده‌ستكه‌وتیان ده‌ستبه‌كه‌وێ، ته‌نانه‌ت ئه‌م مه‌سه‌له‌یه به‌خودی پێغه‌مبه‌ر (د.خ) چاره‌سه‌رنه‌كراوه‌و كێشه‌كه یه‌كلا نه‌كراوه‌ته‌وه به‌ڵكو به‌پشت به‌ستن به‌سوره‌تی قورئان توانیویه‌تی كێشه‌كانی ده‌ستكه‌وت ببرِێنته‌وه(8). له‌وه وه‌بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت كه‌وا (ئه‌نفال) ئۆپه‌راسیۆنێكه دژی بێبرِواو موشریكه‌كان ئه‌نجامدراوه، هاوكات بۆ سه‌ر ده‌مێك بوه كه ده‌سه‌ڵاتی ئیسلام ئه‌وه‌نده به‌هێزنه‌بوه‌و له‌سه‌ره‌تای جێگیربوون بوه ئه‌ویش بۆ خۆچه‌سپاندن و خۆگرتنه‌وه‌و ده‌ربازبوون له له‌ناوچون ده‌گه‌رێته‌وه، هه‌ر بۆیه ناونانی ئه‌و شاڵاوه به ناوی (ئه‌نفال ) دژی نه‌ته‌وه‌ی كورد له لایه‌ن رژێمی عێراقه‌وه شه‌رعیه‌ت دان بوه به‌و سیاسه‌ته جاهیلیه‌ی رابردوو هه‌روه‌ك نه‌ته‌وه‌ی كوردیان به (كافر و موشریك ) دانابێت به‌و ده‌رده‌یان برد، ئه‌وه‌تا له چاو پێكه‌وتنیك كه له‌گه‌ڵ ئافره‌تێكی بادینان(9) ئه‌نجامم داوه ده‌لێت: ئازار و ئه‌شكنجه‌ی زۆریان داین به به‌ر چاومان كه‌سوكاریان فه‌لاقه ده‌كردین ئیمه‌ش قورئان به ده‌ست لێیان ده‌پاراینه‌ه‌وه بۆ (خاتری خودا بۆ خاتری پێغه‌مبه‌ر) به‌سه، به‌ڵام حه‌ره‌سه‌كان به ده‌م پێكه‌نینه‌وه جرتێكیان بۆ لێده‌دایان پێیان ده‌ووتین ئێوه (نه خواتان هه‌یه نه پێغه‌مبه‌ر). باسی دووه‌م :ستراتیژی رژێمی عێراق له‌ئه‌نجامدانی پرۆسه‌ی ئه‌نفال ستراتیژی پرۆسه‌ی ئه‌نفال له ناو بردنی به كۆمه‌ڵی نه‌ته‌وه‌ی كورد‌و برِانه‌وه‌ی ره‌چه‌ڵه‌كی مرۆڤی كورد بوو، هاوكات پرۆسه‌یه‌كی درِندانه‌ی رقی رژێمی عێراق بوو بۆ له ناوبردنی شۆرشی سیاسی و چه‌كداری كورد هه‌روه‌ها مه‌به‌ستی شێواندنی سروشتی كوردستان له رِووی جوگرافی و دیمۆگرافیشه‌وه بۆ به‌عه‌ره‌ب كردنی ناوچه‌كانی كوردستان بوو، چونكه له ئایدۆلۆژیه‌تی رژێمی به‌عس هه‌موو ئه‌وكه‌مه نه‌ته‌وانه‌ی كه‌له ناو خاكی عه‌ره‌بدا ده‌ژین بیانین و هیچ مافێكیشیان ناكه‌وێت. هاوكات ئه‌م پرۆسه‌یه لێدانێكی كوشنده وئامانجێكی سه‌ره‌كی رژێمی عێراق بوو بۆ لاوازكردن و ئیفلیج كردنی ژێرخانی ئابووری كوردستان چونكه ئه‌م پرۆسه‌یه هه‌ر به ته‌نها سرِینه‌وه‌ی مرۆڤی كورد نه‌بوو بگره‌ئه‌و (شاڵاوه په‌له‌وه‌ر و مه‌رِو ماڵات و به‌رزه وڵاخ و زۆر باڵدار و گیانله‌به‌ری تری گرته‌وه كه له‌گه‌ڵ له ناوچونی گونده‌كان و ئاوه‌دانیدا ئه‌مانیش له ناو چوون كه‌وا مه‌زه‌نده ده‌كرێت خۆی له 5 ملیۆن سه‌ر ئاژه‌لڕ و مه‌رِو ماڵات بدات )(10). ئه‌مه جگه له ئۆتۆمبێل و مه‌كینه‌و ئامێره‌كانی كشتوكاڵی و ئاش و حه‌وزی ماسی و شانه‌ی هه‌نگوین كه به‌رێژه‌یه‌كی زۆر له ناوچون هه‌روه‌ها جگه له‌ره‌زو و باخ و زه‌وی كشتوكاڵی چه‌مێكی زۆری داری چنارو بی و داری خانووبه‌ره و وشك بوون و له ناو چوون و سوتان، هه‌روه‌ها وێرای سه‌رهه‌ڵدانی گیروگرفتی بێكاری سه‌دان هه‌زار خه‌ڵك كه ئاسه‌وارێكی نێگه‌تیڤانه‌ی له‌سه‌ر روخساری كۆمه‌ڵگه‌ی كورده‌واری به‌گشتی نواند. ئه‌م دیدو بۆچونه به‌ناو ستراتیژیه‌تی رژێمی عێراق به‌شێوه‌یه‌كی پراكتیكیانه له‌ساڵی 1988 دا ئه‌نجامدرا و پرۆسه‌ی ئه‌نفال له ناوچه كوردنشینه‌كان له به‌رچاوی هه‌موو جیهان و نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان (UN) و سه‌رجه‌م كۆمه‌لكَگه‌ی نێو ده‌وڵه‌تی جێبه‌جێكرا. باسی سێیه‌م: جێنوساید ئه‌گه‌ر بگه‌رِێینه‌وه بۆ ته‌عریف و پێناسه‌ی جینۆساید ئه‌وا ئه‌م وشه نوێیه‌به‌مانای كرده‌وه‌یه‌كی كۆن به‌شێوه نوێباوو گۆرِاوه‌وه (modern deve lopment) له‌وشه‌ی كۆنی یۆنانی (Ginos) رِه‌گه‌ز عه‌شیره‌ت و وشه‌ی لاتینی (Cide) كوشتار پێك هاتووه.ئه‌م ده‌سته‌واژه‌یه بۆ یه‌كه‌م جار له‌ساڵی 1933 له‌كۆنفراسێك له‌شاری مه‌درید له‌لایه‌ن پرۆفسیۆ (رافایل لێمكین) (Rafhal Lemkin) به‌كار هاتوه‌و به‌نوسینیش له‌ساڵی 1944دا تۆمار كراوه،. ئه‌و هه‌ڵومه‌رجه رامیاری وكۆمه‌ڵیه‌تی و ئابورییه‌ی كه‌دوای شه‌رِی دووه‌می جیهانی هاته ئاراوه‌و وڵاتانی به‌گشتی به‌ره‌و بارێكی دیكه‌ی هه‌ڵسوكه‌وت و كاركردن له‌رِووی زۆر بابه‌تی جیاجیاوه‌برد، دوای ئه‌وه‌ی نازییه‌كان قه‌ڵا چۆی جوله‌كه‌و رۆمانه‌كانیان كرد‌و له‌گه‌ڵ كۆتایی هاتنی شه‌رِو دامه‌زراندنی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان ئه‌م وشه‌یه له‌ساڵی 1948 له‌به‌ڵگه‌یه‌كی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كاندا به‌ناوی (په‌یماننامه‌ی قه‌ده‌غه‌كردن و سزادانی جینۆساید) (Convention on the Prevention and Punishment of the Crime of Genocide) ناسرا كه‌ئه‌ویش رێكه‌وتننامه‌یه‌كه بۆ قه‌ده‌غه‌كردن و سزادانی تاوانی جینۆساید به‌پێی برِیاری ژماره 2670 له 29ی كانوونی یه‌كه‌می ساڵی 1948 دا له‌لایه‌ن كۆمه‌ڵه‌ی گشتییه‌وه په‌سه‌ند كرا‌و له12ی كانوونی یه‌كه‌می 1951دا چوه بواری كارپێكردنه‌وه، ئه‌م رێككه‌وتننامه‌یه پێناسه‌ی جینۆساید واشیده‌كاته‌وه كه‌ئه‌و كارانه‌ی به‌مه‌بستی تێكدان و هه‌ڵته‌كاندنی گشتی یان به‌ش به‌ش ئه‌نجام ده‌درێن دژبه‌كۆمه‌ڵێكی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌تنیكی یائایینی و شتی له‌م چه‌شنه، دیاره ئه‌م رێككه‌وتننامه‌یه شێوازێكی یاسایشی به‌خۆوه گرت وه‌كو زاراوه‌یه‌كی یاسایی به‌كار هێنرا، به‌ڵام هه‌موو كوشتار‌و رِه‌شكوژییه‌كی به‌جینۆساید دانه‌نا، چونكه جینۆساید كوشتارێكی تایبه‌تییه كه‌له مادده‌ی دووه‌می په‌یمانه‌كه‌دا به‌م شێوه‌یه هاتووه (11) : جینۆساید به‌مانای هه‌ر كام له‌م كرده‌وانه‌ی خواره‌وه‌یه كه‌به‌نییه‌تی له‌ناو بردنی ته‌واو یان به‌شێك له‌گروپێكی نه‌ته‌وه‌یی و ئێتنی رِه‌گه‌زی یان ئاین ئه‌نجام بدرێ. یه‌كه‌م: كوشتنی ئه‌ندامانی گروپه‌كه (جینۆسایدی فیزیكی). دووه‌م: داسه‌پاندنی ئیجرائاتی وا كه‌مه‌به‌ستی پێش‌گرتن بێ له‌زان (منداڵ بوون) له‌ناو گروپه‌كه یان زیان گه‌یاندنی جه‌سته‌یی به‌ئه‌ندامانی گروپه‌كه (جینۆسایدی بایولۆجی). سێیه‌م: قه‌ده‌غه‌كردنی به‌كارهێنانی له‌خوێندندا یان له‌نوسین و گوزارشتدا، یان رِێپێنه‌دانی بڵاوكراوه‌ی (بیستراو بینراو خوێنراو (جینۆسایدی كلتوری) چواره‌م: ئیفلیج كردنی ژێرخانی ئابووری وله ناو بردنی سروشت و خاپوور وێران كردنی به‌روبوم وبه تاڵان بردنی سه‌روه‌ت سامانی خه‌لك (جینۆسایدی ئابووری) به پیی لێكۆڵینه‌وه‌كان كاتێك سه‌یری شاڵاوه‌كانی ئه‌نفال ده‌كه‌ین ده‌توانین بڵێین له شاڵاوه‌كانی ئه‌نفال هه‌موو جۆره‌كانی جینۆسایدی تێدا په‌یڕه‌و كراوه، هه‌روه‌ها له‌سه‌ره‌تای په‌یمانه‌كه‌دا هاتووه كه جینۆساید تاوانێكه ده‌كه‌وێته ژێر یاسای نێو نه‌ته‌وه‌یی و له‌دژی كیان و ئامانجی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتوه‌كانه‌و دنیای شارستانییه‌ت مه‌حكومی ده‌كا، بێگومان تاوانێكی واگه‌وره‌و تۆقێنه‌ر ده‌بێت سزاشی بۆ دانرابێ، ماده‌ی سێی په‌یمانه‌كه ده‌ڵێت(12) ئه‌و كرده‌وانه‌ی خواره‌وه سزا ده‌درێـن:- ا- جینۆساید. ب- پیلان گێرِان بۆ جینۆساید. ج- هاندانی راسته‌وخۆ به‌گشتی بۆ جینۆساید كردن. د- هه‌وڵدان بۆ جینۆساید كردن. هـ- به‌شداریكردن له‌جینۆسایددا. لێره‌دا ده‌بێ ئاماژه به‌وه‌ش بكه‌ین كه جینۆساید له كوردستاندا له‌لایه‌ن رِژێمی عێراقه‌وه به‌رامبه‌ر به رِه‌گه‌زی كورد هه‌ر به ته‌نها به هێرشه‌كانی ئه‌نفاله‌وه نه به‌سراوه‌ته‌وه به‌ڵكو رژێمه یه‌ك له دوایه‌كه‌كانی عێراق له سه‌ده‌ی رابردوو تاوه‌كو روخانی له9/4/2003به‌رده‌وام و به زۆره ملێ كوردانی له جێگا‌و ماڵی خۆی وه ده‌رناوه‌و له ناوی بردون، سیاسه‌تی كۆچ پێكردنی زۆره ملێی گوندنشینه‌كان و وێرانكردنی دوو دیارده‌ی ئاشكرای جێبه‌جێكردنی جینۆسایدن كه رِژێمی عێراق كردوونی، هه‌روه‌ها ده‌ركردن و بیسه‌رشوێنكردنی ده‌یان هه‌زار كوردی فه‌یلی له ساله‌كانی 1979-1980، بێ سه‌رو شوێنكردنی نزیكه‌ی (8) هه‌زار بارزانی له ساڵی 1983 دا وكیمیا بارانكردنی ناوچه جیاجیاكانی كوردستان له ساڵانی 1987-1988 دا. -------------------------------------------------------------------------------- (1) ئه‌و ژماره‌یه (2000) هه‌زار گوند له‌به‌شێكی به‌ڵگه نامه‌كانی رژێمدا هاتووه، ئه‌مه جگه له‌و به‌ڵگانه‌ی تاكو ئیستا ئاشكرا نه‌كراوه‌ن ده‌نا له‌رِاستیدا زیاتر له(4000) هه‌زار گوند‌و دێهاتی كوردستان له ئۆپه‌راسیۆنه‌كه وێرانكران و هه‌روه‌ها ئه‌گه‌ر براوه‌ردێك له‌گه‌ڵ سه‌رژمێری ساڵی 1997 عێراق له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ی پێشووتر كه كراوه‌ن بكرێت بۆمان روون ده‌بێته‌وه زۆر له گونده و شارۆچكه‌كانی ئه‌و سه‌رده‌مه له سه‌ر نه‌خشه‌ی عێراق نه‌ماوه‌ن به تایبه‌تی ئه‌و ناوچانه‌ی كه له ژێر ده‌سه‌لاتی رژیم دابوون تا كو پرۆسه‌ی ئازادی عیراق . . (2) ولیه‌م واڵدگرێف (Wiliam Waldgrave) وه‌زیری ده‌وڵه‌تی به‌ریتانی بۆ كاروباری ده‌ره‌وه‌ی وڵاتی كۆمنوێلس له‌وتارێكدا بۆ په‌رله‌مانی به‌ریتانی پێش شه‌رِی دووه‌می كه‌نداو له 5/4/1990دا ده‌ڵێت: (خۆ دابرِین له‌عێراق هیچ مومكین نییه، ئه‌مه شتێكه دڵی مونافیسه‌كانی ئێمه خۆش ده‌كات وبێكاریء بێ ئیشی له‌وڵاته كه‌ماندا زیاد ده‌كات). (3) خليل بن احمد الفراهيدي، كتاب العين الجز‌ء (8)،ط2، مؤسسة دار الهجرة 1990، ص(325). (4) الامام العلامة محمد جمال الدين القاسمي، المسمي محاسن التأويل، المجلد الخامس ط1، دار الكتب العلمية، بيروت لبنان 1997، ص(253). (5) سوره‌تی ئه‌نفال/ ئایه‌تی (1). (6) هه‌مان سوره‌ت/ ئایه‌تی (41). (7) ابو عبدالله محمد بن احمد الانصاري القرطبي، الجامع لاحكام القرا‌ن، المجلد الرابع، الجز‌ء (8) دار احياء التراث العربي، بيروت لبنان، 1965، ص(5-6). (8) مه‌لا به‌ختیار، ئه‌نفالء ئایدۆلۆژیه‌تی (بعث)، گۆڤاری (ئه‌نفال) ژ (1)، سلێمانی، 2000، ل(23). (9) چاوپێكه‌وتن له‌گه‌ڵ ئافره‌تێكی ده‌ربازبووی ئه‌نفال له دهوك –ئابی 2005. (10) مه‌لا شاخی ،ئه‌نفالی خالخاڵان، ، چاپی یه‌كه‌م سلێمانی- 2001 . (11) د. ئه‌میری حه‌سه‌ن پوور، به‌رو تێگه‌یشتن و به‌ربه‌ره‌كانی كردنی ئه‌نفال، گۆڤاری ئه‌نفال،سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل(11). (12) هه‌مان سه‌رچاوه، ل(12). نووسینی: عه‌داله‌ت عومه‌ر ساڵح
ڕێكه‌وتی بڵاوكردنه‌وه: 2008-04-26 12:12:23
بۆچوونه‌كان
|
هه‌ڵبژارده‌ی وتاره‌كان
|
||||||
|
|
||||||||